هه‌مووشتێك له زمانه‌وه ده‌ستپێده‌كات. زمان پێش كردار ده‌كه‌وێت و بگره ئاڕاسته‌كه‌ری سه‌ره‌كی نه‌ك ڕه‌فتار، به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانیشه. ئه‌وه زمانه وامان لێده‌كات به‌جۆرێكی تایبه‌ت ته‌ماشای دنیا بكه‌ین و هه‌ڵیسه‌نگێنین. مرۆڤ هه‌میشه به‌وشێوه‌یه ڕه‌فتارده‌كات كه بڕوای پێیه‌تی. له‌گه‌ڵ هه‌ر وشه و ڕسته‌یه‌كدا دنیایه‌كی تازه له‌به‌رده‌مماندا ده‌كرێته‌وه كه پێشتر نه‌هه‌ستمان پێكردووه و نه‌دركمان به بوونی كردووه. ئه‌وه وشه‌كانن جیهان دروستده‌كه‌ن و ئاسۆی جیاواز و تازه له‌به‌رده‌مماندا ده‌كه‌نه‌وه. به‌بێ بوونی وشه‌كان، شته‌كانیش نین.
ئه‌م قسانه به‌مانای گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ئه‌و تێزه فه‌لسه‌فییه دێرینانه‌ی كه باسی له‌پێش بوونی جیهانی مادی یان مه‌عنه‌وی ده‌كه‌ن. جیهانی فكر له مێژه ئه‌م وتووێژه‌ی به‌جێهێشتووه و له‌ئێستاشدا هیچ پێویستناكات بگه‌ڕێنه‌وه بۆی، به‌ڵكو به‌مانای ئه‌وه‌یه هۆشیاری مرۆڤ له په‌یوه‌ندیدا به زمانه‌وه پێناسبكه‌ین. واته پرسیاره‌كه ئه‌وه نییه ئایا شته‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆشیاری مرۆڤ هه‌ن یان نین (ئه‌مه پرسیاری چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی فه‌یله‌سوفانی ئایدیالیزم و ماتریاڵیزمه)، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگبوون نه‌بوونی شته‌كان چ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر هۆشیاری مرۆڤ هه‌یه. شته‌كان ده‌شێت له ده‌ره‌وه هه‌بن و بۆ بوونیشیان پێویستییان به‌هیچ هێزێكی مه‌عنه‌وی نه‌بێت، به‌ڵام تائه‌وكاته‌ی نه‌هاتوونه‌ته ناو هۆشیاری مرۆڤه‌وه و به‌شێك له ڕوانینی مرۆڤیان پێكنه‌هێناوه، كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر ئاڕاسته‌كردن و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان نابێت. ئه‌و ئامڕازه‌ش كه شته‌كان بوونی خۆیان له‌ڕێگه‌یه‌وه ده‌سه‌لمێنن، وشه‌كانن. ئه‌وه وشه‌كانن بوونی شته‌كان له هۆشیاری مرۆڤدا ده‌سه‌لمێنن و به‌م سه‌لماندنه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره و بچووك له‌سه‌ر دروستبوون و ئاسۆی هۆشیاری مرۆڤه‌كان داده‌نێن. به‌بێ ئاماده‌گی هۆشیاری مرۆڤ، هه‌قیقه‌ته‌كان چه‌ندهه‌بن و ئاشكراشبن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر جیهانی مرۆڤ دانانێن. ئه‌و شت و ڕووداوانه جیهانی مرۆڤ پێكده‌هێنن كه هه‌ست به‌بوون و ئاماده‌گییان ده‌كات. ئه‌م ئاماده‌بوونه‌ش ته‌نها ده‌توانێت له‌ڕێی زمانه‌وه بێت،
به‌ڵام زمان ته‌نها ئه‌و شتانه ناگێڕێته‌وه كه هه‌ن، ئاوێنه‌یه‌ك نییه ته‌نها وێنه‌ی شتگه‌لێكی دی پیشانبداته‌وه، به‌ڵكو ده‌توانێت شتگه‌لێك دروستبكات كه نین، خه‌یاڵێك بخوڵقێنێ كه ڕاست نییه، ڕووداوێك دروستبكات كه پێشتر نه‌بووه، جیهانێك دروستبكات كه پێشتر نه‌خوڵقاوه. زمان بكه‌ره و له هه‌مانكاتیشدا كردار. چه‌ند ڕووداوی گه‌وره و بچووكی دنیا هه‌ن كه ته‌نها له‌ڕێی زمانه‌وه دروستبوون و به‌بێ زمانیش بوونیان نه‌بووه؟ جیهانی مرۆڤ پڕه له‌و ڕووداوه تاڵ و شیرنانه‌ی زمان دروستیكردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بوونیان له جیهانی ڕاسته‌قینه‌دا هه‌بێت. ڕووداوگه‌لێكی زۆر له ژیانی مرۆڤدا هه‌ن كه ته‌نها له زماندا ڕوویانداوه، نه‌ك له جیهانی ڕاسته‌قینه‌دا. چه‌ند چیرۆكی كوشتن هه‌یه كه زمان هۆی سه‌ره‌كی ڕوودانیی بووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌بووبێت؟ ئه‌و هه‌واڵه خۆش و ناخۆشانه‌ی كاریگه‌رییه‌كی چاره‌نووسسازی له‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌كانمان هه‌بووه، به‌رهه‌می زمانن. به‌شێكی زۆر له ژیانی هه‌ریه‌ك له ئێمه به‌هۆی ئه‌و وشه و ڕسته و قسانه‌وه دروستبووه كه ده‌شێت له ناوه‌ڕۆكدا و پێش دركاندنیان هه‌ر نه‌بووبن. زمان شتگه‌لێك ده‌كات به ڕووداوی ڕاسته‌قینه كه نه‌پێشتر هه‌ن و نه‌دوایش ده‌بن. بۆ مرۆڤ ڕاسته‌قینه‌ترین بوون، زمانه.
لێره‌وه زمان بێگوناه نییه و هه‌میشه و هه‌مووكاتێكیش ده‌ورێكی پۆزه‌تڤی له ژیانی مرۆڤه‌كاندا نه‌گێڕاوه. كاره‌سات و تراژیدیایه‌ك نییه، زمان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له پشتیه‌وه نه‌وه‌ستابێت. ئێمه جیهانی و ده‌ورووبه‌ر و خه‌ڵكانی دی له‌ڕێی زمانه‌وه ده‌ناسین و هه‌ركاتێكیش ئه‌م ناسینه په‌یوه‌ندی به ڕووی ڕاسته‌قینی بوونه‌وه نه‌بێت، دوچاری هه‌ڵه‌ی كوشه‌نده و كاره‌ساتاوی كردووین. ئه‌و هه‌واڵه ناڕاستانه‌ی كه ده‌یبیستین و بڕوای پێده‌كه‌ین، ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی له‌باره‌ی خه‌ڵكی دیه‌وه ده‌كرێت و وه‌ریده‌گرین، هه‌موو ئه‌مانه بۆ ئێمه ده‌بنه به‌شێك له ڕاستی و به‌پێی ئه‌وانه‌ش ڕه‌فتاره‌كانمان ڕێكده‌خه‌ین و ئاڕاسته ده‌كه‌ین. به‌شێكی زۆر له ژیانی مرۆڤ له‌ژێر كاریگه‌ری زماندایه، و له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م كاریگه‌ریانه‌شدا جۆرێك ڕه‌فتاری تایبه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت كه ده‌شێت ده‌وری چاره‌نووسسازی له دیاركردنی ژیانی خۆی و ده‌ورووبه‌ره‌كه‌یدا ببینێت. لێره‌وه ده‌توانین له‌و وته‌یه‌ی جاك دێرێدای فه‌یله‌سوف بگه‌ین كه ده‌ڵێت: "وشه دڕنده‌یه". دڕنده‌یه، چونكه ئه‌وكاتانه‌ی جیهانێك دروستده‌كه‌ن كه ڕاست نییه، كه له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی شته‌كاندا (وه‌ك چۆن هه‌ن) نایه‌ته‌وه، ده‌بنه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دروستكردنی كاره‌سات. سه‌ره‌تاكان هه‌میشه به وشه ده‌ستپێده‌كات، دڕنده‌یه‌تی وشه‌ش له‌وه‌دایه كه ده‌بڕێت، بیركردنه‌وه ده‌وه‌ستێنێت، گومان لاوازده‌كات. ڕه‌نگه به‌شێكی گرنگ له نهێنی خۆكوژه تیرۆریسته‌كان په‌یوه‌ندی به‌و دڕندایه‌تیه‌وه هه‌بێت كه وشه‌كان له هۆشیاری خۆكوژه‌كه‌دا ده‌یچێنن.
وشه‌كان هه‌میشه ترسناكن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ڕوویان له سوكایه‌تی پێكردن و سڕینه‌وه و شكاندنی به‌رامبه‌ره‌كان بێت. فاشیه‌ت هه‌میشه له زمانه‌وه ده‌ستپێده‌كات. له‌و جۆره ڕسته‌سازی ساده و ساكارانه‌وه كه زۆر به‌ئاسانی له مێشكی كه‌سانێكی زۆردا ده‌چه‌سپێت. فاشیه‌ت به‌رله‌وه‌ی ببێت به ئایدۆلۆژیا و سیاسه‌ت و حوكمڕانی، له‌و سه‌رچاوه‌یه ئاو ده‌خواته‌وه كه زمان دروستیده‌كات، له‌و جیهانه‌شدا قبووڵده‌كرێت، كه زمان خوڵقاندوێتی. فاشیه‌ت له زمانه‌وه ده‌ستپێده‌كات.له‌و وتار و خوتبه كینه‌ئامێزانه‌وه كه له ڕق و قین بۆ به‌رامبه‌ر هیچیان نییه، بۆ خۆشیان جگه له‌سه‌ر ڕاستبوون و خۆ به‌هه‌قیه‌تزان هیچ گومانێكیان نییه. فاشیزم به‌بێ زمانێك له‌دایك نابێت كه زه‌مینه بۆ ڕقێكی كوێر و دڵره‌قی و بیركردنه‌وه‌ی ساوێلكانه ده‌كاته‌وه. بێهوده نییه فاشیه ترسناكه‌كانی دنیا، هه‌میشه خه‌تیب و وتاربێژی لێزانبوون. یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت له‌مه‌ش زیاتر ده‌ڕوات و ڕه‌گ و ڕیشه‌كانی فاشیه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و سوكایه‌تیه‌ی له قسه‌ی فه‌یله‌سوفاندا به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵ هه‌بوو. تیۆدرۆ ئادرنۆ بڕوای وابوو ئه‌و جنێو و سوكایه‌تیكردنه‌ی به‌سه‌ر ئاژه‌ڵدا ده‌كرێت، هه‌مان ئه‌و جنێو و سوكایه‌تیه‌بوو كه دواتر به‌رامبه‌ر به لایه‌نگرانی فه‌لسفه‌ی مادی و یه‌هودییه‌كان به‌كارهێنرا.
له كوێ زمان پڕ ڕق و كینه و سوكایه‌تكردن بوو، له كوێ زمان له ساده‌یی و ساكاری و خه‌ڵك په‌سه‌ندیدابوو به ڕێگری بیركردنه‌وه‌ی هێمن و عه‌قڵانیانه، هه‌ر له‌ویش ڕه‌گ و ڕیشه‌كانی فاشیه‌ت هه‌ن.
فاشیه‌ت له‌ناو وشه و ڕسته و قسه‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، و ململانێكردنیشی هه‌ر له‌سه‌رتاوه ده‌بێت له‌ناو وشه و ڕسته و قسه‌ی تره‌وه ده‌ستپێبكات.